سڵاو بەڕێزان،
ئەم بابەتە درێژە پێدەری زنجیرە باسەکانی بەدرۆخستنەوەی ئیعجازەکانە لە ئیسلام. بۆ بینینی بابەتەکانیتری سەر بەم باسە، تکا دەکرێت سەردانی ئەم بەستەرە بکرێت. وەک هەموو جارێک هەموو لێدوان و بەدواداچوونێک پێشوازی لێدەکرێت، بەڵام جوێن و سووکایەتی پێکردن نەبێت، چاکبزانە، ئەو شتەی کە دەینووسیت، ڕەنگدانەوەی خۆت و بیروباوەڕەکەتە، جا هەوڵبدە وێنەیەکی جوان بە خوێنەران پیشانبدەیت.
چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا، یەکێک بە ناوی بەندەی خوا، بۆ سەلماندنی ڕاستێتی قوڕئان، ئەم بابەتەی وڕوژاند و وتی، لە قوڕئان پێش چواردە سەدە باس لە تەقینەوە گەورەکە کراوە و کەچی زانستی نوێ، تەنها بەر لە چەند ساڵێک توانیویەتی بگات بەم ئەنجامە. بەداخەوە، ئەو بابەتە زۆر بە هەڵە لێکدراوەتەوە و زۆران کەس، هەمان ئەم باوەڕەی ئەویان هەیە، بۆیە بە چاکم زانی باسی ئەمجارە تەرخان بکەم بۆ ئەوە. بۆ سەردانی نموونەیەک لەو ئیعجازە درۆییەی کە ئەو باسە دەکات، سەردانی ئەو لاپەڕەیە بکە.
بەناو زاناکانی ئیعجازی عیلمی ئیسلامی، یان چاکتر بڵێم بازرگانەکانی ئەقڵی سادەی خەڵکی، کە بەهۆی کتێبە پان و پۆڕەکانیانەوە دەوڵەمەندبووینە، لە فێڵکردن ناوەستن بۆ سەلماندنی ڕاستێتی قوڕئانەکەیان. ئەوان بەو هۆیە دەیانەوێت ئەو خەڵکە بەستەزمانانە هەڵخەڵەتێنن و بڵێن کە قوڕئانەکەیان پێشەنگی زانستی سەردەمی گرتووە، بەڵام لە ڕاستییەکەی، هەموو ئەو شتانە دەکەن بە هۆی گۆڕینی واتای ئایەتاکان و لێکدانەوەی نەگونجاو و گۆڕینی واتای وشەکان، لە بابەتی گۆیی بوونی زەوی ئەو ڕاستییە بە زەقی بەبەرچاو کەوت. دووبارەی دەکەمەوە، ئەو کەسەی تەنها یەکجار درۆ بکات بۆ ئەوەی بەڵگەی خۆی بەهێز بکات، ئەوا هیچ دوور نییە کە هەموو دەم درۆ بکات بۆ هەمان مەبەست!
ئیعجازییەکان، بۆ ئەوەی بیسەلمێنن ئەو دیاردەیە لە قوڕئان ناوی هاتووە، پشت دەبەستن بە وشەی (موسعون) و (رتقا ففتقناهما) تا بتوانن ئەو ئیعجازە ناڕاستە درووستبکەن. بەڵام بەداخەوە، ئەم وشانە نە لە دوور و نە لە نزیك پەیوەندییان بەو بیردۆزەوە نییە.
ئیعجازییە تەڵەکەچییەکان، دەڵێن وشەی موسعون لێرانە بەواتای (فراوانکردن) دێت، بەم شێوەیە ئایەتەکە ئەم مانایە دەبەخشێت: (ئاسمانەکانمان بە دەستانی خۆمان بنیات ناوە و ئێمەش هەردەم فراوانی دەکەین)، بەم جۆرە ئیعجازییەکان دەڵێن، ئەمە پەیوەندی بە فراوانبوونی گەردوونەوە هەیە! بەڵام ئەوەش وەک ئیعجازە درۆیینەکەی گۆیی بوونی زەوی، جگە لە تەڵەکەسازی هیچیتر نییە. وشەی موسعون لە عەرەبیدا، یەکسان نییە بە وشەی موسّعون، ئەوەی یەکەم بە گوێرەی فەرهەنگە عەرەبییەکان واتە (توانادار) وە ئەوەی دووەمیش واتا، فراوانکردن، سەیرکە ئەوان بۆ سەلماندنی درۆکەی خۆیان، ئاوا مانای وشەکەیان گۆڕیوە. هەر بۆ بەڵگە، ئەوا پشت بە دەقە ئیسلامییەکان خۆیانەوە دەبستین:
تەفسیری بەغەوی: و انا لموسعون: قال ابن عباس: لقادرون. و قيل: اي و انا لذو سعة، و بخلقها و خلق غيرها يضيق علينا شيء نريده. و قيل: اي و انا لموسعون الرزق على خلقنا. عن ابن عباس ايضا. الحسن: و انا لمطيقون. و عنه ايضا: و انا لموسعون الرزق بالمطر. و قال الضحاك: اغنيناكم، دليله (على الموسع قدره) البقرة 236. و قال القتبي: ذو سعة على خلقنا. و المعنى متقارب. و قيل جعلنا بينهما و بين الارض سعة. الجوهري: و اوسع الرجل اي صار ذا سعة و غنى، و منه قوله تعالى (و السماء بنیاناها بايد و انا لموسعون) اي اغنياء قادرون
واتە:و انا لموسعون: ئیبن عەبباس وتوویەتی:توانامان بەسەری هەیە. وەوتراوە:ئێمە خاوەن دەسەڵاتین تیایدا، لە دروستکردنی و دروستکردنی شتیتر بەرمان پێتەنگدەکا لەوەی کە دەمانەوێت. وە وتراوە: ئێمە توانامان لەسەر ڕزق هەیە بۆ داهێنراوەکانمان، دیسانەوە لە ئیبن عەبباس. الحسن: ئێمە توانامان بەسەر هەیە. دیسانەوە لە الحسن: ئێمە ڕۆزیمان بە بارانەوە بەدەستە. لە زوحاکەوە: دەوڵەمەندتانمان کردوون، بەڵگەشی بۆ ئەوە (علی الموسع قدرە) البقرە 236. قوتبیش دەڵێت: دەسەڵاتمان لەسەر درووستکراوەکانمان هەیە. واتاکانیش لەیەکەوە نزیکە. دەشڵێن، لە نێوان زەوی و ئاسمانەکان دەوڵەمەندیمان داناوە. الجوهری: دەوڵەمەندی بە مرۆ بەخشیوە، واتە دەوڵەمەند و خۆشگوزەرانمان کردووە، ئەوەش لە قوڕئان: (و السماء بنیناها باید و انا لموسعون)، واتە دەوڵەمەند و توانادار.
ئەگەر لە واتای وشەی موسعون بگەڕێین، لە فەرهەنگە عەرەبییەکانا، ئەوا زۆر مانامان بەبەر چاو دەکەوێت، بەڵام هیچ کام لە مانایە واتای (فراوانکردن) ناگەیەنێت:
فەرهەنگی محيط:أوسع يوسع ايساعا: صار ذا سعة و غنى
فەرهەنگی محيط المحيط: و اوسع الرجل ايساعا صار ذا سعة و غنى و منه في سورة الذاريات: (و انا لموسعون) اي اغنياء قادرون
فەرهەنگی لسان العرب:وسع: في اسمائه سبحانه و تعالى الواسع: هو الذي وسع رزقه جميع خلقه ووسعت رحمته كل شيء و غناه كل فقر.
لەو بەڵگانەوە بۆمان دەردەکەوێت، کە موسعون بە هیچ شێوەیەک باس لە فراوانکردنی گەردوونی ناکات، بگرە باس لە فراوانکردن ناکات، بەڵکوو باس لە ڕزق و ڕۆزی و دەوڵەمەندکردن دەکات! خۆ ئەگەر بهاتایا، موسعون بە واتای فراوانکردنیش بهاتایە، ئەوە دیسان بە ئیعجاز هەژمار نەدەکرا، چونکە بینگ بانگ دەڵێت، گەردوون لە سەرەتا تەنها خاڵێک بووە، دواتر دەستی بەفراوانکردن کردووە (ئێستا لە باری فراوانبوون داین) دواتر بۆ باری وێکچوونەوە دەگەڕێتەوە (کە لە لموسعون، کە بە مانای بەردەوامی دێت، نەفی ئەو ڕاستییە دەکات)، ئینجا بۆ هەمان ئەو خاڵە دەگەڕێتەوە.
وە هەروەها ئیعجازییەکان، بۆ ئەوەی باسی بیردۆزی بیگ بانگ بکەن، ئەوا پشت بە ئایەتی (کانتا رتقا ففتقناهما) دەبەستن، و دەڵێن، ئەوە دان بەوە دادەنێت کە سەرەتای گەردوون لە تەقینەوە گەورەکەوە هاتووە (ئەمەش بە وشەی الفتق گرێدەدەن) دوای ئەوەی کە تەنها یەک شت بووە (رتقا). جارێ با بە فەرهەنگە عەرەبییەکانەوە دەست پێبکەین، بزانین واتای وشەی رتق چییە!
لسان العرب : رتْقاً: الرَّتْقُ ضدّ الفتْقُ .وقال ابن سيده : الرَّتْقُ إلحام الفتْقِ وإصلاحه، رتَقَه يرتُقُه ويرتِقُه رتقاً فارتتق أي التَأَم
وە ئەگەر لە فەرهەنگی لسان العرب و فەرهەنگی محيط، لە وشەی فتق بگەڕێین، ئەوا ئەوەمان بۆ دەردەچێت:
فتق: ففتقناهما: الفتقُ خلاف الرتق، فتقه يفتقُّه فتقاً : -شقه -.الفتق : -انفلاق - الصبح
القاموس المحيط: (فَتَقَهُ ): شَقَّهُ (كَفَتَّقَهُ ) فَتَفَتَّقَ وانْفَتَقَ (ومَفْتَقُ ) القَميصِ مَشَقُّهُاذن ..
هەروەها، بەگوێرەی دەقە ئیسلامییەکان (بۆ نموونە تەفسیرەکانی قوڕئان)، بۆ ئەم ئایەتە، ئەوانەی خوارەوەمان بەبەر چاو دەکەوێت:
الطبري: عن ابن عباس “كانتا رتقا” يقول: ملتصقتين، ابن عباس يقول: كانتا ملتصقتين, فرفع السماء و وضع الارض. كان ابن عباس يقول: كانتا ملتزقتين ففتقهما الله، كان الحسن و قتادة يقولان: كانتا جميعا، ففصل الله بينهما بهذا الهواء
واتە: لە ئیبن عەبباسەس (کانتا رتقا) دەیوت: پێکەوە وەنووسابوون، ئیبن عەبباس دەیوت: پێکەوە وەنووسابوون، دواتر ئاسمانی بڵند کرد و زەوی دابەزاند. هەر ئیبن عەبباس دەیوت: بەیەکەوە وەنووسابوون، بەڵام ئەڵڵا لەیەکیانی کردن. حەسەن و قەتادە دەیانوت: هەردووک بەیەکەوە بوون، پاشان خوا لەیەکیانی کرد بە دانانی هەوا.
ابن كثير: ان السموات و الارض كانتا رتقا، اي: كان الجميع متصلا بعضه ببعض متلاصق متراكم بعضه فوق بعض في ابتداء الامر، ففتق هذه من هذه فجعل السموات سبعا، و الارض سبعا، و فصل بين السماء الدنيا و الارض بالهواء فامطرت السماء و انبتت الارض
واتە: ئاسمانەکان و زەوی (کانتا رتقا)، واتە: بە یەکترییەوە وەنووسابوون بەشێوەیەکی تۆکمەیی لە سەرەتاوە، پاشتر ئەوی لەم کردەوە و هەر حەوت ئاسمانەکەی دروستکرد، و حەوت زەوی دروستکرد، ئاسمانی دنیا و زەوی لەیکتری جیاکردەوە، بەهۆی هەوا و بارانی باراند و ڕووەکی ژیاند لەسەر زەوی.
القرطبي: قال ابن عباس و الحسن و عطاء و الضحاك و قتادة: كانت شيئا واحدا ملتزقتين ففصل الله بينهما بالهواء، و كذلك قال كعب: خلق الله السموات و الارض بعضها على بعض ثم خلق ريحا بوسطها ففتحها بها، و جعل السموات سبعا و الارضين سبعا. و قول ثان قاله مجاهد و السدي و ابو صالح: كانت السموات مؤتلفة طبقة واحدة ففتقها فجعلها سبع سموات، و كذلك الارضين كانت مرتتقة طبقة واحدة ففتقها فجعلها سبعا.
واتە: ئیبن عەبباس و ئەلحەسەن و عەتاء و زوحاک و قەتادە وتوویانە: لەسەرەتادا تەنها یەک شت بوون و بەیەکەوە وەنووسابوون، دواتر ئەڵڵا بەهۆی هەواوە لەیەکتریانی کردەوە. کەعبیش ئاوای وتووە: ئەڵڵا ئاسمانەکان و زەوی دروستکردووە یەک لەسەر یەکتر، پاشان بای دروستکردووە لە نێوانیاندا و لەیەکیانی کردۆتەوە، جا حەوت ئاسمان و حەوت زەوی دروستکردووە. وتەی تر هەیە، لە موجاهید و سەدی و ئەبو ساڵح: ئاسمانەکان لە یەک چین پێکهاتبوو، پاشان لەیەکیانی کردەوە تاوەکوو حەوت ئاسمانەکە دروستبکات، هەر ئاواش زەوییەکە هەر زەوییەک بوو پێش ئەوەی چینەکانی لەیەکتری بکاتەوە و بیکات بە حەوت چین.
کەواتە، وشەی فتق واتە، لێککردنەوە و وشەی رتق دەستدەدات، کە بڵێت ئاسمانەکان و زەوی یەک پارچە بووینە. واتە بە کورتی، (کانتا رتقا ففتقناهما) دەکرێ بەو واتایە بێت (ئاسمانەکان و زەوی یەک پارچە بووینە و لێکمان جیاکردنەوە بۆ دوو بەش). ئیعجازییەکانیش دەڵێن ئەمە لەگەڵ دەقی بیردۆزی تەقینەوە گەورەکە یەکدەگرێتەوە، بەڵام بابزانین تاچەند ئەوان ڕاست دەکەن (بەڵێن دەدەم، لە هیچ شوێنێک نەیانبینیوە، بڵێت ئاسمان و زەوی یەک پارچە بووە و بە هۆی ئەو تەقینەوە لەیەکەوە جیابووینەتەوە).
پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا ئەو دەنگۆیەی ئەوان لەگەڵ ئەو بیردۆزە یەکدەگرێتەوە؟ وەڵامی کورت: بێگومان نەخێر.
لەبەر ئەم دوو هۆیە، ئەم ئیعجازەیان جگە لە درۆ هیچیتر نییە:
یەکەم: وشەی الفتق لە عەرەبیدا واتە (لێککردنەوە) نە لە نزیک و نە لە دوور بەواتای (تەقینەوە) نایەت، لێککردنەوە تەقینەوە نییە، بەڵکوو هیچ پەیوەندی بە تەقینەوەشەوە نییە (هەروەک لە فەرهەنگەکانا بینیمان). لێککردنەوە، وەک لێککردنەوەی (بڕین) قوماش (ئەوە نموونەکەی فەرهەنگی المحيط بوو). ئەوەش هیچ پەیوەندییەکی بەوەوە نییە کە لە تەقینەوە گەورەکە ڕوویدابوو!
دووەم: ئەگەر دەستەواژەی (کانتا رتقا) بە حاڵەتی پێش بیگ بانگ گرێبدەینەوە، ئەوە دیسان دوورە لە بیردۆزی بیگ بانگ، چونکە ئەو بیردۆزە پێداگری دەکات لەسەر ئەوەی کە پێش ئەو تەقینەوە هیچشتێکی ماددی و بەرجەستە نەبووە، چونکە ماددە خۆی لەخۆیدا لەگەڵ ئەو تەقینەوە پەیدا بووە! ئەسڵەن لە بیردۆزی بیگ بانگ، هەڵەیە بڵێیت پێش بیگ بانگ، ئەوە خۆی لەخۆیدا هەڵەیە. چونکە هەموو یاسا فیزیاییەکان و کات خۆشی لە بیگ بانگەوە سەریان هەڵداوە (بەگوێرەی بیردۆزی بیگ بانگ)، بەکورتی پێش بیگ بانگ (ماوە یان کات) نەبووە، چونکە کات پەیوەستە بە شوێن، شوێنیش خۆی دوای بیگ بانگ درووستبووە. دیسانەوە، ماددە خۆی لە پێش بیگ بانگ نەبووە (نە زەوی نە ئاسمان، نە پێکهێنەرەکانیان بوونیان نەبووە لە پێش بیگ بانگ)، بەڵکوو ئەمانە هەمووی لە دوای بیگ بانگەوە پەیدا بوونە.
سەرباری هەموو ئەوشتانەش، نازانم چۆن موسڵمانەکان دەتوانن، بەهۆی ئەو بیردۆزەوە ڕاستێتی قوڕئانەکەیان بسەلمێنن، لە کاتێکا، ئەوەی لە بیگ بانگ هاتووە، لە درووستبوونی گەردوون، نە لە دوور و نە لە نزیک لەگەڵ ئەوە ناگونجێت کە لە قوڕئاندا هاتووە! ئایا ئەوە لەگەڵ بیگ بانگ دەگونجێت، کە دەڵێت سەرەتا بەشێکی درووستکردووە بە چوار ڕۆژ (الارض) دواتر، کە لەوە دەبێتەوە، دەچێت ئاسمانەکان درووستدەکات، بە دوو ڕۆژ، پاشانیش دێت ئەوەی یەکەم تەخت و ڕاست دەکات (و الارض بعد ذلك دحاها)!! ئاخر ئەوە کەی لەگەڵ ئەو بیردۆزی بیگ بانگە دەگونجێت؟؟
چەند ئایەتێکی تر هەن، کە باس لە ئاسمانەکان دەکەن، کە چۆن بریتی بوون لە دووکەڵ پێش بوونیان بە ئاسمان، هەندێک هەن ئەوە بۆ بیگ بانگ دەگەڕێننەوە، یا بۆ ئەو تۆپەڵە گازییەی کە پێش درووستبوونی گەردوون درووستببوو.
{ قُلْ أَئِنَّكُمْ لَتَكْفُرُونَ بِالَّذِي خَلَقَ الْأَرْضَ فِي يَوْمَيْنِ وَتَجْعَلُونَ لَهُ أَندَادًا ذَلِكَ رَبُّ الْعَالَمِينَ(9) وَجَعَلَ فِيهَا رَوَاسِيَ مِنْ فَوْقِهَا وَبَارَكَ فِيهَا وَقَدَّرَ فِيهَا أَقْوَاتَهَا فِي أَرْبَعَةِ أَيَّامٍ سَوَاءً لِلسَّائِلِينَ(10) ثُمَّ اسْتَوَى إِلَى السَّمَاءِ وَهِيَ دُخَانٌ فَقَالَ لَهَا وَلِلْأَرْضِ اِئْتِيَا طَوْعًا أَوْ كَرْهًا قَالَتَا أَتَيْنَا طَائِعِينَ (11) فَقَضَاهُنَّ سَبْعَ سَمَاوَاتٍ فِي يَوْمَيْنِ وَأَوْحَى فِي كُلِّ سَمَاءٍ أَمْرَهَا وَزَيَّنَّا السَّمَاءَ الدُّنْيَا بِمَصَابِيحَ وَحِفْظًا ذَلِكَ تَقْدِيرُ الْعَزِيزِ الْعَلِيمِ(12) } فصلت
واتە: ئێوە نکۆڵی لەو خوایە دەکەن کە زەوی لە دوو ڕۆژ درووستکردووە، جا ئێوە هاوبەشی بۆ درووست دەکەن؟ (9) وە چیاکانی لەسەر داناوە و ڕزق و ڕۆزی بۆ دیاریکردووە لە چوار ڕۆژان بۆ ئەوانەی کە دەپرسن (10) دواتر لەسەر ئاسمانەکان وەستا، کاتێک کە ئەو بریتی بوو لە دووکەڵێک وتمان بەم و بە زەوی وەرن بۆ لام بە خۆشی یان بە ناخۆشی، وتیان بە خۆشی بۆت دێین (11) جا حەوت ئاسمانمان لێیەوە درووستکرد لە دوو ڕۆژ و بە هەر ئاسمانێکمان گەیاند کارەکانیان و ئاسمانی زەویشمان بە گڵۆپ ڕازاندەوە و بۆ پاراستن، ئاوایە کاری خۆشەویست و زانا (12)
ئەگەر سەیری ئەم ئایەتە بکەین، ئەوا ئەو زانیارییانەمان بۆ دەردەکەوێت:
- یەکەم جار، زەوی لە ماوەی دوو ڕۆژ درووستدەکرێت.
- دواتر بۆ ماوەی چوار ڕۆژیتر ڕزق و ڕۆزی و چیاکانی بۆ دادەنرێت.
- ئاسمانەکان لەو حاڵەتەی ئێستا دووکەڵن.
- ئەو دووکەڵەی ئاسمانەکان بوون بە حەوت ئاسمانەکە لە دوو ڕۆژی تر.
سەرەتا، دەمەوێت بڵێم ئەو ئایەتە، باس لە درووستکردنی گەردوون دەکات لە 8 ڕۆژ، (2 ڕۆژ بۆ زەوی درووستکرن +4 رۆژ بۆ چیا و ڕزق و ڕۆزی + 2 ڕۆژ بۆ کردنی ئاسمانەکان بە حەوت ئاسمان)، کەوایە ئەم ئایەتە خۆی لەخۆیدا، لەگەڵ ئایەتێکی تردا ناگونجێت، کە دەڵێت:
{ إِنَّ رَبَّكُمْ اللَّهُ الَّذِي خَلَقَ السَّمَاوَاتِ وَالأَرْضَ فِي سِتَّةِ أَيَّامٍ ثُمَّ اسْتَوَى عَلَى الْعَرْشِ يُغْشِي اللَّيْلَ النَّهَارَ يَطْلُبُهُ حَثِيثًا وَالشَّمْسَ وَالْقَمَرَ وَالنُّجُومَ مُسَخَّرَاتٍ بِأَمْرِهِ أَلا لَهُ الْخَلْقُ وَالأَمْرُ تَبَارَكَ اللَّهُ رَبُّ الْعَالَمِينَ (54) } الأعراف
ئەمەیان واتە: خواکەتان ئەڵڵا ئەو کەسەی کە ئاسمانەکان و زەوی لە شەش ڕۆژدا درووستکردووە، دواتر لەسەر عەڕشەکەی وەستا، بەشەو ڕۆژ دادەپۆشێت و شەو بە پەرۆشەوە داوای ڕۆژ دەکا، ڕۆژ و مانگ و ئەستێرەکان هەمووی گوێڕایەڵی فرمانەکانینە، ئایا درووستکراوەکان و فرمانەکانی نابێ بۆ هەبێ؟ دروود بۆ ئەو ئەڵڵایەی خوای جیهانییان
لە ئایەتەکەی یەکەم دەڵێت گەردوون لە هەشت ڕۆژ و لەوەی دووەم دەڵێت لە شەش ڕۆژ درووستکراوە، بۆ وەڵامی ئەو نەگونجانە پیاوە ئایینییە ئیسلامییەکان چەندین بیانوویان هێناوەتەوە، لێرەدا دەتوانیت یەکێکیان ببینیت. (تەنها بۆ تێبینی، من ئەو باسە بەهەند هەڵناگرم لە بابەتی ئەمجارەمدا).
ئەگەر بێینەوە سەر ئایەتەکانی سووڕەتی فصلت:
ئەوا دەڵێت، یەکەم جار زەوی درووستکراوە. دواتر، چیاکان و ڕزق و ڕۆزی زەوی، دوای ئەوانە هەموو ئاسمانەکان کە دووکەڵێک بوو گۆڕا بۆ حەوت ئاسمانەکە. ئەمە خۆی لەخۆیدا لەگەڵ بیردۆزی بیگ بانگ ناگونجێت، چونکە بەگوێرەی بیردۆزی تەقینەوە گەورەکە تەمەنی گەردوون بریتییە لە 13.7 ملیار ساڵ، لە کاتێکا تەمەنی زەوی تەنها 4.6 ملیار ساڵە. واتە بە گوێرەی تەقینەوە گەورەکە، گەردوون پێش زەوی درووستبووە. ڕەنگە خوێنەر بڵێت ئەم ئایەتە باس لە ئاسمانەکان دەکات نەوەک گەردوون، ئەو کات من دەڵێم، بەگوێرەی بیردۆزی تەقینەوە گەورەکە، گەردوون (هەمووی بە ئاسمان و زەویشەوە) بریتی بوو لە تۆپەڵە گازێکی زۆر چڕ (دەتوانرێت بوترێت چڕییەکەی بێکۆتایی بووە) نەوەک دووکەڵ، (گاز، هەوا یەکسان نییە بە دووکەڵ)، دواتر پێش 13.7 ملیار ساڵ گەردوونی لێوە درووستبووە ئینجا پاش ئەوە زەوی درووستبووە (ئەو کاتە ئەو گازەی کە بیردۆزەکە باسی دەکا چیتر بوونی نەبووە). کە چی ئەو ئایەتانە دەڵێن، زەوی بوونی هەبوو کاتێک ئاسمانەکان هێشتا ئەو دووکەڵەبوون، کە ئەوەش پێچەوانەی بیردۆزی تەقینەوە گەورەکەیە.
لە دوا بەشی بابەتی ئەمڕۆم، حەزدەکەم سەرچاوەی ئەو باسەی قوڕئان بهێنمە پێشچاوی خوێنەر (کە تەوڕاتە)، لەگەڵ سەرچاوەی ئەو باسە لە تەوڕات خۆشی (کە لە ئەفسانە بابلییەکانەوە هاتووە):
درووستبوونی گەردوون بەپێی تەوڕات (لە سفری تەکوین، ئیسحاحی یەکەم)، لێرەدا ببینە:
http://st-takla.org/pub_oldtest/01_gen.html
سەرچاوەی ڕاستەقینەی خوڕافاتی درووستکردنی گەردوون لە ئەفسانەی دروستکردن لە ئەفسانەی (ئینۆما ئیش)ی بابلی:
ئەم ئەفسانەیە سەرچاوەی سەرەکی هەموو ئەفسانەکانی دروستکردن بووە. ئەم ئەفسانەیە لەسەر حەوت گابەرد دۆزراوەتەوە لە کاتی لەدواگەڕانەکانی کۆشکی پاشا ئاشوور پانیباڵ. مێژووی نووسینەوەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای هەزارەی دووەمی پێش زایین، واتە 1500 ساڵ پێش نووسینی تەوڕات خۆی. ئەوەی خوارەوە وەرگێڕدراوی ئەفسانەکەیە لەو بارەوە:
ئاسمان لە سەر و زەوی لە خوار نەبوو، هیچ شتێک لە بووندا نەبوو تەنیا ئاو نەبێت، کە لە سێ خواوەندا خۆیان دەنواند (ئابسو، تەعامە و مەمو)، ئابسو ئاوی سازگار و تەعامە ئاوی سوێر بوون، بەڵام مەمو هەندێک دەڵێن شەپۆڵ و هەندێک دەڵێن ئەو کەفانەی ئاون کە لەسەریەوەن. ئەم بەرجەستە ئاوییە هەموو گەردوونی پڕکردبۆوە، ئەوە ئەو سەرچاوەیە کە دواتر هەموو خواوەندەکان و بوونی لێوە دروستبووە! مەردۆخ هەڵدەستێت بە دروستکردنی گەردوون و ڕێکخستنی و دەرکردنی لە حاڵەتی بێسەروشوێنی سەرەتای بۆ حاڵەتی ڕێک و پێکی و یاساداری جووڵە و کاریگەری و شارستانییەکان. مەردۆخ هاتەوە بۆ لای لاشەی تەعامە بە تێڕامانەوە، ئەوی گرت و کردی بە دوو پارچە، نیوەی یەکەمی بۆ سەرەوە بڵند کرد و کردی بە ئاسمان، وە نیوەکەی تری تەختکرد و کردی بە زەوی!
دواتر باسی بەشەکانیتری دروستکردن دەکات و دەڵێت:
ئەستێرەکانی کرد بە جێگەی حەسانەوەی خواکان، ڕۆژ و مانگی دروستکرد و ڕەوگەیانی دیاریکرد، پاشان مرۆڤی دروستکرد لە خوێنی خواوەند (کنگو) کە خۆی کوشتبووی، پاشتر هەموو گیراوەکانی ئازاد کرد، دوای ئەوەی دانیان نا، کە تاوانباری یەکەم کنگو بوو، ئینجا ئاژەڵ و ڕووەکی دروستکرد. خواوەندەکانی لە دوو تیپ ڕێکخست، تیپی یەکەم لە ئاسمان کە (ئانوناکی)ن، تیپی دووەم لە زەوی و ژێرەوەی کە (ئەبجیجی)ن. دوای تەواو بوون لە کرداری دروستکردن، مەردۆخ هەموو خواوەندەکانیتر بانگهێشت دەکا و ئاهەنگیان پێدەگێڕێت و تاجی پاشایەتی لەسەر خواوەند مەردۆخ دەکەن کە دەبێتە سەرۆکی گەردوون. جا شاری بابل دروستدەکەن و لە ناوەڕاستەکەی پەرستگایەک بەرز دەکەنەوە کە بەرزییەکەی دەگاتە هەورەکان، کە ئەمە پەرستگای ئەبزاحیلایە، لەو ئاهەنگە قەشەنگەدا، هەر پەنجا ناوەکەی خواوەند مەردۆخ جاڕ دەدەن!
ئەو دوو دێڕەی کە بە ڕەنگی سوور، ڕەنگم کردبوون، زۆر لە دەقە ئیسلامییەکان دەچن، یەکەم وەک قوڕئان باسی رتق و فتق دەکات، دووەمیش وەک لە ئیسلام خوایەکەیان زیاتر لە ناوێکییان هەیە (لە ئیسلام 99 و لە بابلییەکان 50).
هەروەک بینیمان، قوڕئان بە هیچ شێوەیەک باس لە بیردۆزی تەقینەوە گەورەکە ناکات، بەڵکوو ئەوەی دەیڵێت ئەوەیە کە ئەو گەردوونە بە شەش ڕۆژ (یان هەشت؟) درووستکراوە، بە شێوازێک زۆر زۆر جیا لەوەی کە بیردۆزی بیگ بانگ باسی لێوە دەکات. نازانم تا کەی ئەو بازرگانە ئیعجازییانە یاری بە ئەقڵی ئەو خەڵکە دەکان؟ کەی واز لەو هەموو دەجەل و فڕوفێڵە دەهێنن؟! هۆشیارببنەوە، ئەوانە یاریتان پێدەکەن…
هیوادارم مێشکەکانمان ڕێنوێنیمان بکەن بۆ دۆزینەوەی ڕێگای درووست
مەم
سەرچاوەکان:
فەرهەنگی لسان العرب
تەفسیرەکان جۆراوجۆرەکان
ئەفسانەی ئینۆما ئیلیش
فەرهەنگی المحيط و المحيط المحيط